دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 4 هەفتە

ژمارەیەک کارگەی دروستکردنی چەک لە عێراق دادەمەزرێن

هەرێم نیوز 

سەرۆكی دەستەی پیشەسازی سەربازیی عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەمان هەنگاو دەنێت بۆ دامەزراندنی چەند كارگەیەكی درووستكردنی چەك، دەشڵێت، بۆ ئەم پڕۆژانە لەلایەن حکومەتەوە بودجەیان بۆ دابین ناكرێت، بەڵكو لە ڕێگەی وەبەرهێنەرانەوە بنیات دەنرێن.

ئەندازیار مستەفا عەتی حەسەن، سەرۆكی دەستەی پیشەسازی سەربازیی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا ژمارەیەك كارگەی درووستكردنی چەك لە عێراق بكرێتەوە. 
دەشڵێت، لە ئێستادا زیاتر لە كارگەیەكمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی تەقەمەنی سووك، هەروەها زیاتر لە كارگەیەكمان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی زرێپۆش، لە داهاتووشدا دەتوانین چەكی مامناوەند بەرهەمبهێنین.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ ئەم پڕۆژانە لەلایەن حکومەتەوە پارەیان بۆ دابین ناكرێت، بەڵكو لە ڕێگەی وەبەرهێنەرانەوە دەكرێت، كە بەرنامەیەكی حكومەتە بۆ بەشداریكردنی كەرتی تایبەت لە بەرهەمهێنانی چەكدا.

مستەفا عەتی حەسەن باسی لەوەش کردووە، پرۆسەی هەڵبژاردنی وەبەرهێنەرانی عێراقی هەندێك تایبەتمەندی لە خۆدەگرێت، هاوكات، چەك و كەلوپەلەكان لە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆدا تاقیكردنەوەی كوالێتی و مانەوەیان بۆ دەكرێت، لە ئێستادا كارگەكانی عێراق فیشەكی ٩ ملم، كڵاشینكۆف، و M4ئەمریكی بەرهەم دەهێنن، جگە لە كارگەكانی نارنجۆك و هاوەن بە هەموو قەبارەكان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP