دواین هەواڵ

ئابوری‌

 23/03/2024

گرنگترین قسەکانی وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی موچە و بودجە

هەرێم نیوز 

وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، سەرجەم کارەکانی ناردنی لیستی مووچەخۆران بە ئەلیکترۆنی کراون و هەموو مانگێک بە یەک کلیک دەتوانین سەرجەم لیستەکانیان بۆ بنێرین. دەشڵێت، "بۆ دابەشکردنی مووچە، چاوەڕوانین بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە بنێرێت".

ئەمڕۆ شەممە، 23ـی 3ی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا، کێشە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو.

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە نزیکەی 300 بۆ 350 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیان هەیە   کە نزیکەی 15٪ـی داهاتەکە کاش نییە، و ئاماژە بەوەش دەکات، لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی رابردووەوە 45 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل نەوتیان داوەتە عێراق.

ئاوات شێخ جەناب لەبارەی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە وتی، بەگشتی مانگانە 180 ملیار دیناری دراوە بە مووچە، 60 ملیار دیناری تایبەتە بە نەسرییە، ''نزیکەی 100 ملیارەکەی دیکەش بۆ خەرجیی وەبەرهێنان و بەکاربردن، پارەی دەرمان، کارەبا و زۆر شتی دیکە خەرجکراوە.

ئاوات شێخ جەناب دەڵێت ، ئێستا لە 14 کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا نۆ کێڵگە کار دەکەن و ''لە 01-04-2023ـوە تاوەکو ئەمڕۆ، 45 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لێ بەرهەمهێنراوە کە 11 ملیۆن و  800 هەزار بەرمیل لە 25ـی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە تاوەکو 01-12-2023 دراوەتە بە عێراق.''

وەزیر دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوت بۆ عێراق دەڵێت، ''لەو 11 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلەی کە بۆ عێراق نێردراوە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی یەک بەرمیلیش لەلایەن عێراقەوە نەدراوە و بەلاش بردوویەتی، بۆیە دواتر  رامانگرتووە.''

بەپێی قسەکانی ئاوات شێخ جەناب، لە کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو لە 01-04-2023ـوە، 33 ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل ماوەتەوە کە بەپێی گرێبەستی کۆمپانیاکان، 45٪ـی بۆ کۆمپانیاکانە و 55٪ـیشی بۆ هەرێمی کوردستانە، کە دەکاتە زیاتر لە 18 ملیۆن بەرمیل.

ئەماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بڕە نەوتە، تەنیا 17 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی تانکەرەوە بە 31 دۆلار فرۆشتووە و لە فرۆشەکەی مانگانە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار بۆ حکومەت ماوەتەوە.

وەزیری دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، لەو 50 ملیۆن دۆلارە مانگانە 22 بۆ 24 ملیۆن دۆلار دەدرێتە کۆمپانیای دانەگاز بۆ دابینکردنی کارەبا، جگە لەوەش بەشێکی دیکەی خەرجی هەن کە بڕێکی زۆر پارە دەبڕن و لەو 50 ملیۆن دۆلارە بۆیان خەرج دەکرێت.

ئاوات شێخ جەناب لەبارەی ناردنی پارە لە بەغدادەوە دەڵێت، ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان هەموو مانگێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بە بڕیارێکی سیاسی بووە، بەڵام ئێستا بووە بە ئەرکێکی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەوەی لەسەر ئێمە بووە لیستی مووچە بووە کە داواکراوە و ئێمە ناردوومانە، سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانمان خستووەتە بەردەستیان، واتا هەموو کارە تەکنیکییەکانمان ٪100 جێبەجێکردووە.

لەبارەی بڕیاری سیاسیی لە هەرێمی کوردستانیش وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، "هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕیارە سیاسییەکاندا بەشدارن و کەسیشیان دژی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نین".

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو دەربڕی و  رایگەیاند، "لەسەر کێشەی هێزە ئەمنییەکان پێنج رۆژ لەمەوبەر رێککەوتبووین کۆدی تایبەتیان بۆ دروستبکەین و ئێستا کۆدەکانمان رەوانەی بەغدا کردووە، ئێستا چاوەڕوانی پارەناردنین بۆ ئەوەی دەستبکەین بە دابەشکردنی مووچە".

ئاوات شێخ جەناب دەشڵێت، "کاتێک بەغدا پارەی خستە سەر هەژمارەکەمان، ئێمە پارەکە رادەکێشیهن و دابەشیدەکەین، بۆ ئەم مانگەش خۆمان ئامادە کردووە کاتێک لیستی مووچە دەنێرین، هەم وەکو یاسای خانەنشینی و هەم وەکو فەرمانبەری مەدەنی، بچینە سەر یاسای مووچەی عێراقی".

حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی ساڵێکە 250 هەزار فەرمانبەری بە پرۆژەی هەژماری من بەستووەتەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی سیستمی بانکییەوە مووچەکانیان دابەشبکات و 142 هەزار کەسیان کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، بەڵام وەزیری دارایی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوان مامەڵە بەو پرۆژەوە ناکەن و دەبێت لە رێگەی ئەو بانکانەوە هەژمار بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و حکومەتەوە دانیان پێدانراوە.

بە وتەی وەزیری دارایی، پرۆژەی 'هەژماری من' بانک نییە، زانیاری هەڵە و تێنەگەیشتن لەسەر ئەو پرسە هەیە، هەژماری من پرۆژەیەکە بۆ تەوتین، جیاوازی لەگەڵ تەوتینەکەی عێراق ئەوەیە کە ئەو سیستمەی ئێمە لە هەژماری من کاری پێدەکەین، تەوتین و 19 خزمەتگوزاریی دیکەیە کە پێنج بانک تاوەکو ئێستا بەشدارییان تێدا کردووە کە سەرجەمیان عێراقین و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە متمانەیان پیدراوە.

ئاوات شێخ جەناب دەشڵیت؛ "پرۆژەی هەژماری من بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بانکی ناوەندیی عێراق دروستکراوە، پێنج بانکە بەشداربووەکەش لەنێو ئەو 47 بانکەن کە لە بەغدا تەوتین دەکەن و بڕیارە سێ بانکی دیکەی عێراقیش تێیدا بەشداربن، بەڵام تەوتینی عێراق تەنیا کارتێکە و دەچیت پارەی کاشی پێ رادەکێشیت و بەدەر لەمە هیچ مامەڵەیەکی دیکەی ناتوانی پێبکەیت".

وەزیری دارایی پێیوایە نابێت بە چاوی حیزبایەتییەوە سەیری پرۆژەی هەژماری من بکرێت و باس لەوەدەکات کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەتوانن "لە دەرەوەی وڵاتیش لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان رابکێشن و لە بانکەکان قەرزی خانووبەرە و هاوسەرگیری و وەبەرهێنانی پێ وەربگرن کە تاوەکو 150 ملیۆن دینارە، ئەگەر ئەو پرۆژەیە تاوەکو کۆتایی ساڵ سەربگرێت، قەبارەی ئابووری پێنج بۆ 10 هێندە پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت".

ئاوات شێخ جەناب نەبوونی پارەی کاش بە گرفتی هەرە سەرەکی دابەشنەکردنی مووچە وەسفدەکات و دەڵیت ماوەی ساڵێکە نەخۆسخانەی منداڵبوونی هەولێر کە 800 کارمەندن، لە رێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن و لە ساڵی رابردوو مووچەی 12 مانگەکەیان وەرگرتووە، بۆیە پێیوایە ئەگەر ئەو پرۆژەیە سەربکەوێت، دواکەوتنی مووچە چارەسەر دەبێت.

وەزیری دارایی و ئابووری پێیوایە دووفاقییەک لە بەغداوە بەرامبەر بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران هەیە و دەڵێت: بانکی رەشید و رافیدەین لەلایەن بانکی ناوەندییەوە متمانەیان پێدراوە و ئەو پێنج بانکەش کە لە پرۆژەی هەژماری من بەشدارن بە هەمان شێوە متمانەی بانکی ناوەندییان هەیە و لە بەغدا تەوتین دەکەن، بەڵام دەپرسێت: "بۆ دەبێ لە بەغدا بتوانن و لە هەرێمی کوردستان نەتوانن؟"

هاوکات، دووپاتیدەکاتەوە کە پێنج بانکەکان هیچی بانکی هەرێمی کوردستان نین و دەڵیت: زیاتر لە 93 بانک لە هەرێمی کوردستان هەن کە 23یان لە سلێمانین و پێیوایە؛ "ئەو بانکانە نەک 425 ملیار، بەڵکو ناتوانن 45 ملیۆن دیناریش تەئمین بکەن".

وەزیری دارایی دەشڵێت؛ بانکی رەشید و رافیدەین بۆ پێدانی مووچە بۆ هەر فەرمانبەرێک دوو هەزار و 500 دینار گواستنەوە وەردەگرێت، دواتر لە بنکەکان کە فەرمانبەر مووچەکە وەردەگرێت پێنج هەزار دیناری دیکەی لێ وەردەگرن، ئەگەر بنکەی پارە راکێشانەکەش لە دەرەوەی شار بێت، ئەو خەرجییە دەگاتە 10 هەزار دینار، بۆیە مووچەخۆرێک لەرێگەی تەوتینی عێراقەوە لانیکەم دەبێ حەوت هەزار و 500 دینار بۆ 12 هەزار و 500 دیناری لێ وەربگیرێت، بەڵام لە هەژماری من دوو هەزار و 500 دینار بۆ هەموو خزمەتگوزارییەکان وەردەگیرێت".

ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، دادگای فیدراڵ پسپۆڕیی دابەشکردنی مووچەی نییە و تەنیا کار بە یاسا دەستوورییەکان دەکات، "بەڵام هاتووەتە نێو بابەتێکەوە کە پسپۆڕیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی داراییە، یاسایەک نییە لە عێراق بڵێت دەبێ مووچە بە بانکیی دابەش بکەیت یان بە کاش، بەڵام ئێستا سەپاندوویانە کە دەبێ تەنیا بانکەکانی رافیدەین و رەشید مووچە دابەشبکەن".

وەزیری دارایی باس لە روونکردنەوەکانی دادگەی فیئدراڵی دەکات و دەڵیت، "تاوەکو ئێستا چەند روونکردنەوەیەک لەسەر ئەو پرسە لە دادگەی فیدراڵی دراوە و هیوادارین زیاتر روونیبکاتەوە، لەبەر ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش گوتی ئەوە کاری ئێمە نییە مووچەکە چۆن دابەشدەکرێت، بنەڵکو ئەوە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنانەت دەڵێت ئەگەر ئێمە مووچەی هەرێمی کوردستان دابەشبکەین، پێشێلی دەستوورمان کردووە".

وەزیری دارایی دەڵێت، "لیستی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشین و هێزە ئەمنییەکان لای ئێمە هیچ کێشەیەکی نەماوە و لە ئێستە بەدواوە هەموو مانگێک دەتوانین بە کلیکێک لیستی مووچە رەوانەی بەغدا بکەین و سیستمەکەمان کردووە بە دیجیتاڵی."

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵیت، "زۆربەیان باسیان لەوە کرد کە خەڵک پێویستی بە مووچەیە و رەمەزانە، بەڵام کە هاتە سەر ئەوە ئاخۆ دەکرێ مووچەی مەدەنی و سەربازی لەیەک جیابکرێتەوە، کەس دەنگی بە جیاکردنەوەیان نەدا" و دەشڵێت؛ کە قسەکان تەواوبوون، سەرۆکوەزیران وتی "کەس ناڕەزایەتیی هەیە؟ کەس هیچی نەگوت و ئەویش پێکەنی و وتی بێدەنگی نیشانەی رازیبوونە".

ئاوات شێخ جەناب لەبارەی کردنەوەی لقی هەردوو بانکی رەشید و رافیدەین دەڵیت، "لە سلێمانی باڵەخانەی ئەو دوو بانکە ئێستا چوونەتە سەر موڵکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوان داوای باڵەخانەکانیان دەکەنەوە".

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان وتی؛ "ئەوان داوای دوو باڵەخانەی رەشید و سەلام دەکەنەوە، بەڵام ئاخۆ ئامادەن لە سلێمانی بیاندەنەوە؟"

وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵیت؛ ئەوەی حوکمی عێراق دەکات دەوڵەتی قووڵە، ئەگەر بڕیاربدات بڕیارەکە جێبەجێ دەبێت، ئەوانەی دیکە کە دێنە نێو گۆڕەپانی سیاسییەوە، بکەری راستەقینە نین، بەڵکو ئەو ئامرازانەن کە سیاسەتەکەیان پی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئەگەر رێککەوتنی سیاسی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەگەڵ دەوڵەتی قووڵ سەربگرێت، کێشەکانی دیکە چارەسەردەبن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP