دواین هەواڵ

کلتور‌

 19/03/2024

مایسترۆ - چیرۆکی خۆشەویستی موزیسیانێک -

شوان ئەحمەد

ساڵ ساڵی (باربی و ئۆپنهایمەر)بوو. هەر بۆیە یەکێکیان زۆرترین داهاتی بەدەستهێنا و ئەوی دیکەشیان، پشکی شێری خەڵاتەکانی ئەمساڵی ئۆسکاری پێبڕا.

لە نێو ئەم دوو فیلمەدا، زۆر بەرهەمی تر بوونە قوربانی و وەک پێویست، مافی شایستەیی خۆیانیان پێنەدرا . (کیلەرز ئۆف زە فلاوەر موون) ی مارتن سکۆرسیزی و (مایسترۆ – چیرۆکی خۆشەویستی موزیسیانێک)، زەقترین نموونەیەکن.

(مایسترۆ) کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی ئەکتەری ناسراوی ئەمریکی (برادلی کوپەر) ە و هەر خۆشی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. ژیاننامەی واقعیانەی یەکێک لە موزیسیانە بەناوبانگەکانی سەدەی بیستەمی ئەمریکا (لیۆنارد برنشتاین ١٩١٨ – ١٩٩٠)، نیشاندەدات.

(برنشتاین) بەهرەمەندێکی بواری موزیکە، مایسترۆ و ئاواز دانەرێکی بە ڕەگەز جووە. (برادلی کوپەر) بە ئاستێکی هونەری بڵند پایەو بە نواندنێکی ئێجگار جوان، ڕۆڵی ئەو هونەرمەندە بەرجەستە دەکات.

ئەو نواندن و وزە زۆرەی برادلی کوپەر لەم فیلمەدا بە خەرجی دەدات، باوەڕپێنەکراو و سەرسوڕهێنەرە. مەگەر لیۆناردۆ دی کابریۆ لە فیلمی(گەڕاوە لە مردن) دا کردبێتی.

ئەوانەی عاشقی سینەمابن و (مایسترۆ)یان بینیبێت بە حەیف و خەساری دەزانن، خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین ئەکتەری ئەمساڵ، بە نسیبی کارەکتەری سەرەکی ئەو فیلمە نەبوو کە برادلی کوپەرە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP