دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 13/03/2024

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی "تیک تۆک"ی پەسەند کرد

هەرێم نیوز

کۆنگرێسی ئەمریکا پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی تیکتۆکی لە وڵاتەکەدا پەسەندکرد و بەم پێیە ئەمە دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر کۆمپانیاکە کە لە جیهان و ئەمریکاشدا هەوادارێکی زۆری هەیە.

بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، "دەبێت تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکییەوە بەڕێوەببرێت نەوەک چینی، ئەگەرنا بەکارهێنانی ئەو ئەپە لە ئەمریکا قەدەغە دەکرێت."

ئەم پڕۆژەیاسایە بە 352 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 65 دەنگی نەخێر لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کرا.

پڕۆژەیاساکە لەلایەن مایک گالاگێر و راجا کریشنامۆرتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە ئامادەکراوە، کە تێیدا هاتووە "تیکتۆک، ئەپێکی چینییە و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، دەکرێت تیکتۆک کاریگەریی لەسەر رای گشتی ئەمریکا هەبێت و بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵکەوە بەکاربهێنرێت."

تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای چینیی بایت دانسەوە خاوەنداریێتیی دەکرێت.

ئەمریکییەکان گومانیان لە بوونی پەیوەندی لە نێوان خاوەنی تیکتۆک لەگەڵ کۆمۆنیستە چینییەکاندا هەیە.

بەرپرسانی ئەمریکی پێیان وایە زانیارییەکان لەلایەن تیکتۆکەوە دەدرێت بە حزبی کۆمۆنیستی چین و بەمەش لەو ڕێگەوە ئەوان دەتوانن دەستیان بگات بە زانیاری تایبەتی و کەسی ئەمریکییەکان. و ڕێگەیان پێدەدات شوێنی کارمەندان و بەرپرسانی فیدڕاڵی بدۆزنەوە و لە بەرانبەر وەرگرتنی باج و سەرانە دۆسییەیان لەسەر دروستبکات و کاری سیخوڕییان بەسەرەوە بکات.
لە بەرانبەردا تیکتۆک دەڵێت زانیاری ئەمریکییەکان بە چین نادات و نەیشیداوە، ئەمەی ئەمریکا دەیکات بیانووە بۆ قەدەغەکردنی کۆمپانیاکە.

تیکتۆک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە و خۆشەویستییەکی زۆری لەناو وڵاتەکەدا هەیە.

ئەگەر پلانە پەسەندکراوەکە ئاراستەی کۆشکی سپی بکرێت، ئەوا پێویستە سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن واژۆ لەسەر یاساکە بکات، کە بە فەرمی ناوی "پاراستنی ئەمریکییەکان لە پرۆگرامە بیانییە کۆنترۆڵکراوەکان"ی لێنراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP