دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 12/03/2024

ئایا تاوەری پەیوەندییەکان هۆکاری شێرپەنجەن؟

د. ئاکام شوان زانکۆی لێستەر، بەریتانیا

لە زانستی پزیشکییدا هەر ئامرازێك ببێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە یاخود ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد بکات پێی دەگوترێت كارسینۆجین (Carcinogen). بە سەدان و هەزاران کارسینۆجین هەن و رەنگە زۆربەمان لە ژیانی رۆژانەماندا تا ئاستێکی زۆر بەرکەوتنمان هەبێت بە چەندەها کارسینۆجین، بە نموونە مادەی تار (قەتران) لە نێو دوکەڵی جگەرە.

ئامرازەکانی پەیوەندی شەپۆلی رادیۆیی بەکاردەهێنن بۆ گواستنەوەی زانیارییەکان وەك تەلەفۆنی دەنگی و کورتەنامەو ئینتەرنێت، هتد. شەپۆلی رادیۆی بەشیکە لە شەبەنگی کارۆمگناتیسی (Electromagnetic Spectrum). کە چەندەها شەپۆل لەخۆی ئەگرێت وەك تیشکی ژێرسور، تیشکی سەروو وەنەوشەیی، هتد. ئەوەی گرنگ بێت بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە ئایا ئەو تیشکە یاخود شەپۆلە ئەلیکترۆن لە خولگەی خۆی دەردەکات یان نا. بە زمانی زانستی ئایۆن دروستکەرن یاخود نا (Ionising Radiation vs Non-ionising Radiation). تیشکی گاما، تیشکی سینی (X-ray)، تیشکی سەروو وەنەوشەیی، هتد ئایۆن دروستکەرن و بەڵگەی تەواو زانستی هەیە کە بە رێژەی دیاریکراو دەبنە هۆی شێرپەنجە. شەپۆلی رادیۆیی ئایۆن دروستکەر نین و هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە بیسەلمێنیت کە شەپۆلە رادیۆییەکان دەبنە هۆی شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی زانستی لەسەر شێرپەنجە (International Agency for Research on Cancer) پۆلێنێکی تایبەتیان هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو ئامرازانەی دەبنە هۆی شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن (Carcinogen). پۆلێنەکە سەرجەم ئامرازەکان دابەشدەکات بەسەر چوار گروپی دیاریکراو:

گروپی (1): بەڵگەی تەواو هەیە کە دەبنە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن.

گروپی (2A): بەڵگەی یەکلاکەرەوە بوونی نییە یاخود بەڵگەکان لاوازن دەربارەی کاریگەری ئەم ئامرازانە کە ببنە هۆی توشبوون بە شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیادبکەن.

گروپی (2B): هیچ بەڵگەیەکی زانستیی بوونی نییە کە بیسەلمێنیت ئەم ئامرازانە دەبنە هۆی شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەی تەواو نییە بیسەلمێنێت کە ئەم ئامرازانە بە هیچ جۆرێك نابنە هۆی شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبوون بە شیرپەنجە زیاد ناکەن، ئەم ئامرازانە نەخراونەتە گروپی ٣.

گروپی (3): بەڵگەی تەواو هەیە کە بە هیچ جۆرێك ئەم ئامزازانە نابنە هۆی توشبون بە شیرپەنجە یاخود ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد ناکەن.

شەپۆلە رادیۆییەکان کە لە تۆرەکانی مۆبایل، ئینتەرنێت، هتد بەکاردێن وەك ئامرازەکانی گروپی (2B) پۆلێندەکرێن، بۆیە هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە بیسەلمێنیت ئەم ئامرازانە دەبنە هۆی شێرپەنجە یاخود ئەگەری توشبون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن. جێی باسە زۆر خۆراك و چارەسەر هەیە کە لەهەمان گروپدا پۆلێنکراون وەك حەبی مێترۆنایدازۆڵ کە لە وڵاتی خۆمان بە فلاجیل بەناوبانگە یاخود تەنانەت ئەو میوەو سەوزانەی لە سرکەدا خۆش دەکرێن لە هەمان گروپدا دانراون.

رەنگە کە گەشتی دەروەی وڵاتت کردبێت یاخود ناسیاوێکت کە لە دەرەوەی وڵات بژین بڵین لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەم تاوەرانە بە دی ناکرێن و بوونیان نییە. لەراستیدا لە سەرانسەری جیهان بوونیان هەیە بەڵام لە زۆر وڵات، بە تایبەت وڵاتە پێشکەوتووەکان بە هۆکاری بوونی رێکاری توند دەرباری دیساینی شارەوانی (Urban Design)، زۆربەی ئەو تاوەرانە بە شێوەیەکی ئەندازیاری لە شیوەی دارو درەخت یاخود تەلاری ئەندازیاری دەشارێننەوە بۆ ئەوەی نەبنە هۆی تێکچوونی سیمای چواردەوریان. لە هەندێك وڵات ئەو تاوەرانە بە هۆی ئەوەی مێژوویەکی گرنگیان هەیە یاخود زۆر بەرزن تەنانەت بوونەتە جێی گەشتیاران و ساڵانە چەندەها گەشتیار روویان تێدەکەن. یەكێك لە گرنگترین ئەو تاوەرانە تاوەری (BT)یە لە ناوجەرگەی شاری لەندەنی پایتەختی وڵاتی بەریتانیا. جێی ئامەژەیە ئەو تاوەرە نەك تەنها لە ناوجەرگەی شاردایە بەڵکو تەنها کەمتر لە ٥٠٠ مەتر لە نەخۆشخانەی زانکۆی کۆلێژیی لەندەن (University College London, UCL) دوورە کە سەنتەری ماکمیلان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی شیرپەنجە (Macmillan Cancer Centre) لەخۆی دەگرێت کە یەکێکە لە گەورەترین سەنتەرەکانی چارەسەری شێرپەنجە لە ئەوروپا.

ئەم بابەتە تەنها بۆ دڵنیایکردنەوەی دانیشوانی خۆشەویشتی کوردستانە دەربارەی بوونی ئەو تاوەرانە لە نێو شارو شارۆچکەکاندا. بە داخەوە زۆر هۆکاری دیکە هەیە کە راستەوخۆ کاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان بەڵام پشتگوێخراون وەك جگەرەو نێرگەلەو پیسبوونی ژینگەو زۆری ئۆتۆمبێل و خراپی جۆی سوتەمەنی، هتد. بە هیوای ئەوەی لایەنی پەیدوەندیدار ئاوڕێکی جدی لەو هۆکارانە بداتەوە.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP